0
0



computer_keyboard_arabic

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق له‌ماوه‌ی‌ نێوان 13ی‌ حوزه‌یران هه‌تا كۆتایی‌ مانگی‌ رابردوو خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێتیان له‌هاوڵاتیان بڕی‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ش باشترین كات بوو بۆ پرۆگرامه‌ فلته‌رشكێنه‌كان.

پرۆگرامی‌ (PS iPhone) كه‌ كۆمپانیایه‌كی‌ كه‌نه‌دی‌ به‌رهه‌می‌ هێنابوو، یه‌كێك بوو له‌به‌ربڵاوترین ئه‌و پرۆگرامانه‌ی‌ بۆ شكاندنی‌ فلته‌ری‌ راگرتنی‌ ئینته‌رنێت به‌كارده‌هاتن، ئه‌و كۆمپانیایه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ رایگه‌یاندووه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ئینته‌رنێت بۆ هه‌موو هاوڵاتیان دابین بكات‌و كارئاسانی‌ بۆ ئه‌وانه‌ بكات كه‌ ده‌ستیان پێی‌ ناگات.

كارل كاسۆریا یاریده‌ده‌ره‌ی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ بازرگانی‌ كۆمپانیاكه‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ له‌په‌راوێزی‌ كۆڕبه‌ندی‌ جیهانی‌ حكومه‌تی‌ ئینته‌رنێت (http://igf2014.sched.org/IGF) له‌توركیا له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامدرا، دڵخۆشی‌ خۆی‌ راگه‌یاند به‌وه‌ی‌ عێراقییه‌كان سه‌ریانكردووه‌ته‌ سه‌ر به‌كارهێنانی‌ پرۆگرامه‌كه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت “ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ له‌عێراق پرۆگرامه‌كه‌یان به‌كارهێنا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ گرنگ بوو بۆ تواناكانی‌ ئێمه‌ له‌ده‌سته‌به‌ركردنی‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌”.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ته‌كنیكییه‌ كه‌ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكاری‌ خزمه‌تگوزارییه‌كه‌یه‌ پێی‌ وایه‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئینته‌رنێت له‌عێراقییه‌كان نه‌بڕێت یه‌كێك بووه‌ له‌كاره‌ گرنگه‌كانیان، هاوكات ده‌ڵێت “خۆمان رێكخسته‌وه‌ بۆ زیادكردنی‌ تواناكانمان بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو كه‌س ده‌ستی‌ بگات به‌به‌رنامه‌كه‌”.

بڕیاره‌كه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق بۆ راگرتنی‌ ئینته‌رنێت له‌ناوچه‌ گه‌رمه‌كان بڕیارێكی‌ ته‌واو ئه‌منی‌ بوو، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رێگری‌ ده‌كرد له‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان بگه‌نه‌ تۆڕه‌كانی‌ فه‌یسبووك‌و یوتیوب‌و تویته‌رو ڤایبه‌رو سكایپ، به‌و بیانووه‌ی‌ رێگری‌ بكه‌ن له‌و شه‌ڕه‌ ده‌رونییه‌ی‌ داعش له‌رێی‌ ئه‌و تۆڕانه‌وه‌ به‌رپای‌ كردووه‌.

به‌ڵام ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌ پاش بڕیاره‌كه‌ نزیكه‌ی‌ نیو ملیۆن عێراقی‌ په‌نایان برده‌ به‌ر پرۆگرامی‌ (Ps iphone) كه‌ به‌خۆڕایی‌ بۆ به‌كارهێنه‌رانی‌ ویندۆزو ئاندرۆید به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و فلته‌رانه‌ بشكێنن كه‌ خرابوونه‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌پێی‌ ئامارێكی‌ كۆمپانیای (سایفۆن) رۆژ به‌رۆژ له‌هه‌ڵكشاندا بووه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ 1.9 ملیۆن عێراقی‌.

ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌قه‌د نیوه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و به‌كارهێنه‌رانه‌یه‌ كه‌ به‌فه‌رمی‌ له‌عێراق تۆماركراون كه‌ به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ گه‌یاندن ده‌گاته‌ چوار ملیۆن كه‌س، به‌ڵام هه‌ندێ‌ ئاماری‌ نافه‌رمی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ زیاتربووه‌ له‌هه‌شت ملیۆن كه‌س، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ ده‌زگا فه‌رمییه‌كان ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و خێزانه‌ ئه‌ژمار ناكه‌ن كه‌ هه‌موویان یه‌ك هێڵ‌ به‌كارده‌هێنن.

پسپۆڕه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌ كه‌نه‌دییه‌كه‌ كه‌ به‌ژماره‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌عێراق سه‌رسام بووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پرۆگرامه‌كه‌یان ره‌واجێكی‌ زۆر زیاتری‌ په‌یدا كردووه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ ئینته‌رنێتیان فلته‌ر كردووه‌، هاوشێوه‌ی‌ عێراق‌و توركیا.

سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ‌ حكومه‌تی‌ سعودییه‌ بڕیاریدا ئاپڵیكه‌یشنی‌ نامه‌ ناردن (واتساپ) قه‌ده‌غه‌ بكات، دوای‌ ئه‌و ئیمارات ڤایبه‌ری‌ قه‌ده‌غه‌كرد به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌‌و ئابوری‌، ئێرانیش چه‌ند سایت‌و خزمه‌تگوزارییه‌كی‌ تری‌ قه‌ده‌غه‌ كرد، پێش ئه‌ویش وڵاتانی‌ “به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌” هه‌مان كاریان كرد.

كاری‌ پرۆگرامی‌ (PS iPhone) ئه‌وه‌یه‌ رێگا بدۆزێته‌وه‌ بۆ شكاندنی‌ فلته‌ره‌كان‌و ده‌ست راگه‌یشتن به‌ئینته‌رنێت به‌پشت به‌ستن به‌مافه‌كانی‌ جاڕنامه‌ی‌ گه‌ردوونی‌ مافی‌ مرۆڤ، بۆیه‌ هه‌ر فلته‌رێك چه‌نده‌به‌هێز بێت توانای‌ شكاندنی‌ هه‌یه‌.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ خواست له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌ زیادیكردووه‌ بۆیه‌ كۆمپانیا كه‌نه‌دییه‌كه‌و هاوشێوه‌كانی‌ به‌رده‌وام گه‌شه‌یان به‌خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ ده‌دا، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ حه‌یده‌ر حه‌مزوز رێكخه‌ری‌ تۆڕی‌ عێراقی‌ بۆ راگه‌یاندنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناسراو به‌ “انسم” (http://insm-iq.com/).

حه‌مزوز راهێنراوێكی‌ دانپیادانراوی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌بواری‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌”نیقاش”ی‌ راگه‌یاند كۆمپانیای‌ گوگڵ‌ ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات تایبه‌تمه‌ندی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ بپارێزێت به‌تایبه‌تی‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌ تۆڕه‌كان له‌ژێر چاودێری‌ ده‌سه‌ڵاتداراندان.

ئه‌م بابه‌ته‌ ناوه‌ڕۆكی‌ گفتوگۆیه‌ك بوو له‌نێوان (فینت سێرف)ی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ گوگڵ‌ كه‌ به‌”باوكی‌ ئینته‌رنێت” ناسراوه‌ به‌هۆی‌ به‌شداری‌ له‌گه‌شه‌پێدانی‌ تۆڕی‌ زانیاری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك بلۆگه‌ری‌ گه‌نجی‌ عه‌ره‌ب‌و بیانی‌ كه‌ به‌شداری‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ی‌ توركیایان كرد، یه‌كێك له‌وانه‌ش حه‌مزوز بوو.

حمزوز جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ئاماره‌كانی‌ (سایفۆن) ده‌توانرێت بوترێت “به‌كارهێنه‌رانی‌ ئینته‌رنێت له‌عێراق چالاكترن له‌هه‌موو هاوشێوه‌كانیان له‌ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ كۆمپانیاكانی‌ ئه‌م بواره‌ بیریان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ خزمه‌تگوزاری‌ باشتریان پێشكه‌ش بكه‌ن”.

به‌قسه‌ی‌ عه‌زوز به‌شێكی‌ تری‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ‌ دووه‌م گه‌وره‌ به‌رپرسی‌ گوگڵ‌ له‌سه‌ر “پلانی‌ ئاینده‌ بووه‌ له‌ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌‌و عێراق به‌تایبه‌تی‌، هه‌روه‌ها پاراستنی‌ زانیاری‌ به‌كارهێنه‌ران”.

به‌پێی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ ساڵانه‌ له‌سه‌ر شه‌فافییه‌ت بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، گوگڵ‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ساڵانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ وڵاتانه‌وه‌ داوای‌ لێده‌كرێت زانیاری‌ له‌سه‌ر به‌كارهێنه‌رانی‌ بدات به‌ده‌سته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كۆمپانیاكه‌ ره‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ یاسای ئه‌مه‌ریكی‌ به‌فه‌رمانی‌ دادوه‌رو به‌بیانووی‌ به‌هێز ته‌نها ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌درێت.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ كۆمپانیای‌ (سایفۆن)ی‌ كه‌نه‌دی‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پاراستنی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ به‌هێز بكات، هه‌ر بۆیه‌ هه‌رگیز (IP) تایبه‌ت به‌به‌كارهێنه‌ران تۆمار ناكات‌و كۆمپانیاكه‌ خۆیشی‌ چاودێری‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ناكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان تۆمار نه‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ كۆمپانیاكه‌.

به‌هۆی‌ ئه‌م هه‌موو كۆت‌و به‌نده‌ی‌ له‌سه‌ر ئینته‌رنێت داندراوه‌ ئێستا ئاسایشی‌ ئه‌لكترۆنی‌ بووته‌ بابه‌تێكی‌ گرنگی‌ كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ ته‌كنه‌لۆژیا، كاسۆریا له‌مڕووه‌وه‌ روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پرۆگرامه‌كه‌ی‌ ئه‌وان تونێلێكی‌ پارێزراو دروست ده‌كات له‌نێوان به‌كارهێنه‌رو تۆڕی‌ سایفۆندا، هه‌ر له‌وێوه‌ زانیاری‌ به‌به‌كارهێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “زۆربه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ پرۆگرامه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ له‌رێی‌ (Secure Shell)ه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ كۆمپیوته‌رو سمارتفۆنه‌وه‌ ئینته‌رنێت به‌كاربهێنرێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ ئاشكرا ببێت”.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكاری‌ پرۆگرامه‌كه‌ پێشینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ (PS iPhone) له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و باكوری‌ ئه‌فه‌ریقا زیادبكه‌ن به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ به‌كارهێنه‌ر ده‌پارێزێت‌و ده‌یانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و تۆڕانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت.

http://www.niqash.org/articles/?id=3542&lang=ku

( Views | 532 | عدد المشاهدات )

Print Friendly