0
0



get_img
ئەحمەد محەمەد
شه‌ڕی‌ داعش به‌ته‌نها له‌سه‌ر مه‌یدا نییه‌، به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و له‌وێ‌ داعش‌و…

به‌ر له‌وه‌ی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردوو بۆ سه‌ر موسڵ ده‌ست پێبكات، داعش زۆر به‌چڕی‌ سوودی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینی‌، ئه‌نجامه‌كه‌شی‌ روون بوو، به‌هۆی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌رونییه‌وه‌ توانی‌ سێیه‌كی‌ خاكی‌ عێراق كۆنترۆڵ بكات.

له‌سه‌ره‌تاوه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و لایه‌نه‌كانی‌ تر ئه‌و بواره‌یان فه‌رامۆش كردبوو، بۆیه‌ داعش توانی‌ به‌ئاسانی‌ تیایدا براوه‌ بێت‌و هاوڵاتی‌ عێراقی‌ ته‌نیا له‌یه‌ك به‌ره‌وه‌ زانیاری‌ پێده‌گه‌یشت كه‌ ئه‌ویش داعش بوو، ئه‌و گروپه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌جێنداكه‌ی‌ خۆی‌ زانیاری‌ په‌خش ده‌كرد.

ته‌حسین زه‌ركانی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌چالاكوان‌و بلۆگه‌ره‌كان له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت “لایه‌نی‌ حكومی‌‌و چالاكوانه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌به‌رامبه‌ر داعش دۆڕان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و نه‌یانده‌زانی‌ چی‌ بكه‌ن، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ ئه‌وانیش شاره‌زاییان په‌یداكرد”.

ته‌حسین ده‌شڵێت “یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كانی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌بوو كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ داخست، له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر داعش باڵاده‌ستی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر فه‌یسبووك‌و تویته‌ردا سه‌پاند‌و بیرو بۆچوونه‌كانی‌ خۆی‌ بڵاوكرده‌وه‌و وێنه‌یه‌كی‌ قه‌به‌تری‌ خۆی‌ نیشاندا”.

هه‌رچه‌نده‌ داعش له‌و بواره‌دا باڵاده‌سته‌، به‌ڵام هه‌ژماره‌كانی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌سه‌ر تویته‌رو فه‌یسبووك‌و گوگڵ پڵه‌س له‌لایه‌ن خاوه‌نانی‌ ئه‌و تۆڕانه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ داخستن ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كڕاست هه‌ژماری‌ نوێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ توێژنه‌وه‌یه‌كی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ “برۆكینگ”ی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌راپرسی‌‌و توێژینه‌وه‌ ده‌ریخستووه‌ له‌كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی‌ 2014 لانی‌ كه‌م هه‌زار هه‌ژماری‌ داعش له‌تویته‌ر داخراوه‌، به‌ڵام دامه‌زراوه‌كه‌ ده‌ڵێت ژماره‌ راسته‌قینه‌كه‌ له‌وه‌ش گه‌وره‌تره‌.

دره‌نگانێك له‌پاش هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ داعشه‌وه‌ چالاكوانانی‌ عێراقی‌ كه‌وتنه‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ پێچه‌وانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تۆڕانه‌ له‌به‌رامبه‌ر داعش به‌رپا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت رێگه‌یدا به‌كرانه‌وه‌ی‌ ئه‌و تۆڕانه‌.

حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌دوای‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردووه‌وه‌ بڕیاریدا به‌راگرتنی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یسبووك‌و تویته‌رو یوتیوب‌و گوگڵ پڵه‌س‌و واتسئاپ‌و ڤایبه‌ر له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ عێراق جگه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌به‌رامبه‌ریشدا چالاكوانانی‌ ئه‌و بواره‌ چه‌ند ئه‌پڵیكه‌یشنێكیان به‌كارده‌هێنا بۆ شكاندن‌و كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و تۆڕانه‌.

هیشام هاشمی‌ توێژه‌ری‌ پسپۆڕ له‌كاروباری‌ گروپه‌ جیهادییه‌كان باسی‌ ئه‌وه‌ بۆ “نیقاش” ده‌كات كه‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌عێراق كه‌ زۆربه‌یان به‌كارهێنه‌ری‌ فه‌یسبووكن، بوون به‌سێ‌ به‌شه‌وه‌، به‌شی‌ یه‌كه‌میان ژماره‌یه‌ك له‌رۆشنبیرو رۆژنامه‌نووسن له‌و شارانه‌ی‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ داعشدا، ئه‌مانه‌ ئه‌كاونت‌و په‌یجی‌ ئاكتیڤیان هه‌یه‌و توانیویانه‌ كاریگه‌ری‌ دروست بكه‌ن‌و چه‌ند هه‌ژمارێكی‌ دیار له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك “مۆریس”‌و (عه‌ین الموصل) له‌سه‌ر تویته‌ر.

به‌شی‌ دووهه‌میشیان چه‌ند بلۆگه‌رێكی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌ تایفی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانن‌و به‌قسه‌ی‌ هیشام زۆرجار هه‌واڵی‌ درۆو بێ بنه‌ما بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

هیشام ده‌شڵێت “گروپی‌ سێهه‌م خه‌ڵكی‌ ئاساین كه‌ لایه‌نگری‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و دیموكراتی‌‌و دادپه‌روه‌رین، ئه‌مانه‌ زیاتر چاودێرن‌و دووباره‌ هه‌واڵه‌ بڵاوكراوه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌”.

رێكخراوی‌ “ماڵی‌ میدیای‌ عێراقی‌” كه‌ تایبه‌ته‌ به‌كاروباری‌ میدیا له‌عێراق توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ سێ‌ به‌شی‌ له‌باره‌ی‌ شێوازی‌ سوود وه‌رگرتنی‌ داعشی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

موشریق عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری‌ رێكخراوه‌كه‌ به‌”نیقاش”ی‌ وت “داعش توانیوێتی‌ له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ باڵی‌ خۆی‌ له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهان بچێنێت‌و له‌و رێیه‌وه‌ چه‌كدار بۆ خۆی‌ رابكێشێت”.

باس له‌وه‌ش ده‌كات له‌پاش رووداوه‌كانی‌ به‌ناو “به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌”ییه‌وه‌ گۆڕانی‌ گه‌وره‌ له‌شێوازی‌ به‌كارهێنانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان روویداوه‌و داعش توانیوێتی‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ به‌كاریان بهێنێت.

به‌قسه‌ی‌ موشریق گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ هاوشێوه‌ی‌ داعش سوپایه‌ك له‌راگه‌یاندكاریان هه‌یه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 24 كاتژمێر كار له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ تویته‌ر كه‌ هه‌ژماره‌كه‌یان له‌وێ‌ زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن شوێنكه‌وته‌ی‌ هه‌یه‌.

رێكخراوه‌كه‌ له‌راپۆرته‌كه‌ی‌ خۆیدا نوسیوێتی‌ “په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێز هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ڵكشانی‌ توندوتیژی‌‌و زۆربوونی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان”، ئاماژه‌ش به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ داعش توانایه‌كی‌ به‌هێزی‌ له‌بواری‌ میدیای‌ بینراوو ده‌نگیدا هه‌یه‌‌و چه‌ند هه‌ژمارێكی‌ جێگیرو چه‌ند دانه‌یه‌كی‌ گۆڕدراویشی‌ هه‌یه‌ كه‌ لێیانه‌وه‌ فیلم‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانی‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

داعش له‌میدیاكه‌ی‌ خۆیدا جگه‌ له‌عه‌ره‌بی‌ به‌چه‌ند زمانێكی‌ جیاواز په‌یامه‌كانی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌وانه‌: ئینگلیزی‌‌و فه‌ره‌نسی‌‌و توركی‌‌و شیشانی‌‌و كوردی‌، چه‌ند گۆڤارو بڵاوكراوه‌یه‌كیشی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ رادیۆیه‌كی‌ لۆكاڵی‌ به‌ناوی‌ (به‌یان) كه‌ له‌موسڵ په‌خش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌رێی‌ به‌یاننامه‌و ڤیدیۆوه‌ په‌یامه‌كانی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

هه‌ر له‌راپۆرتی‌ ئه‌و رێكخراوه‌دا هاتووه‌ كه‌ داعش توانیوێتی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ حه‌وت سه‌د هه‌زار ئه‌كاونت دروست بكات‌و گفتوگۆی‌ كاره‌ توندڕه‌وییه‌كانی‌ خۆی له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجام بدات‌و له‌دوای‌ گرتنی‌ موسڵه‌وه‌ چالاكییه‌كانی‌ هه‌ڵكشاوه‌ به‌جۆرێك هه‌ندێ‌ رۆژ چل هه‌زار تویت له‌سه‌ر هه‌ژماره‌كه‌ی‌ نوسراوه‌.

موشریق عه‌باس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داعش به‌ئاسانی‌ ده‌توانێت هه‌ژمار له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكاته‌وه‌و، له‌سه‌دا 90ی‌ ئه‌و سكاڵایانه‌شی‌ له‌به‌رامبه‌ری‌ تۆمار ده‌كرێن، به‌بیانووی‌ پاراستنی‌ ئازادی‌، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئاماده‌نین هه‌ژماره‌كان دابخه‌ن.

( Views | 630 | عدد المشاهدات )

Print Friendly